
بارسێلۆنا؛ مەکۆی ئەو چەپ و سۆسیالیستانەی دێڕێکیان بۆ کورد نییە و پارێزەری ڕاستەقینەی کۆماری سێدارەن!
ڕاگەیەندراوی بزووتنەوەی ئاییندەی کوردستان سەبارەت بە لادانی ستراتیژیی سکرتێری دوو حزبی ڕۆژهەڵات لە کۆڕبەندی بارسێلۆنا.
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!
تێکۆشەرانی ڕێگەی ئازادی!
لە کاتێکدا کۆماری پەت و سێدارە لە تاران، بێوچان خەریکی جینۆسایدکردنی کلتووری و فیزیکیی گەلی کوردە و ڕۆژانە گەنجانی ئێمە بەرەوڕووی پەتی سێدارە دەکاتەوە، بەشداریی سکرتێری گشتیی هەردوو حزبی (کۆمەڵە و دیموکرات) لە کۆبوونەوەی بەرەی جیهانیی بەناو پێشکەوتنخواز لە بارسێلۆنا،سیناریۆیەکی بێبایەخە لە پرسی خەباتی ڕەوای گەلەکەماندا.
ئێمە لە بزووتنەوەی ئایندەی کوردستان، ئەم هەنگاوە بە پارادۆکسێکی سیاسی و هەوڵێکی مەترسیدار بۆ بەلاڕێدا بردنی دۆزی کورد دەبینین و ڕایدەگەیەنین:
هاوپەیمانی لەگەڵ پارێزەرانی ستاتۆی ئێران:
ئەو کۆڕبەندەی کە بە دەستپێشخەریی سۆسیالیست ئینتەرناشناڵ ڕێکخراوە، تاقە ئامانجی پاراستنی قەوارەی ئێستای ڕژێمی ئێرانە لەژێر پەردەی دروشمی دژایەتی پۆپۆلیزم. سکرتێری ئەم دوو حزبە لە کاتێکدا لەوێ دانیشتوون کە ئەو بەرەیە بە ئاشکرا دژی هەر پرۆسەیەکی سەربازی یان فشارێکی ڕاستەقینەیە بۆ گۆڕینی ڕژێم. ئەمە جۆرێکە لە شەرعییەتدان بەو بێدەنگییەی کە چەپەکان بەرامبەر کوژرانی دەیان هەزار هاووڵاتی مەدەنی لە خۆپیشاندانەکاندا نواندیان.
دۆست و دوژمن لە هاوکێشەی ڕزگاریدا:
بۆ نەتەوەی کورد، ئەوەی دەمانچەوسێنێتەوە و جینۆسایدمان دەکات، داگیرکەرانی کوردستانن نەک ئەمریکا و ئیسرائیل. جێگەی داخی قووڵە کە سکرتێری ئەم دوو حزبە لە کۆڕبەندێکدا بەشدارن کە دژایەتی زایۆنیزم و ترامپیزم دەکات؛ لە کاتێکدا لە واقیعدا تاقە فشارێکی جددی کە لەسەر ڕژێمی تاران هەبێت لەلایەن ئەو بەرەیەوەیە کە کۆڕبەندەکە دژایەتی دەکات. ئەمە لادانێکی ترسناکە لە بەرژەوەندیی نەتەوەیی و پشتکردنە لەو هێزانەی کە لە مێژوودا تاکە پشتیوانی کورد بوون لە بەرامبەر دەستدرێژیی داگیرکەران.
کێشەی ڕەوایەتی و نوێنەرایەتی:
ئێمە وەک بزووتنەوەی ئایندە جەخت دەکەینەوە کە ئەم سکرتێرانە نوێنەری ویست و ئیرادەی کۆمەڵگەی کوردی نین. ئەوان تەنها نوێنەرایەتی کەمینەیەکی تەسکی حزبی دەکەن کە بەرژەوەندیی ئایدیۆلۆژیی چەپیان پێش بەرژەوەندیی نەتەوەیی خستووە. شەقامی کوردی تینووی ڕزگاری و گۆڕینی ڕژێمە، نەک دروشمە بێماناکانی پێشکەوتنخوازەکان کە تا ئێستا یەک وشەشیان بۆ دۆزی ڕەوای کورد نەوتووە.
بێبایەخیی کۆبوونەوەی بارسێلۆنا:
ئەم جۆرە کۆڕ و کۆبوونەوانە لە لای ئێمە بێبایەخن و وەک تەرمیکردنی سیاسی دۆزی کورد دەیناسێنین. تا ڕژێمی سێدارە لە تاران بێت، هیچ مافێکی کورد یەک هەنگاو ناچێتە پێش. هەر حزبێک یان کەسایەتییەک ڕێگری لە پرۆسەی گۆڕینی ڕژێم بکات، جا بەناوی مافی مرۆڤ بێت یان ئاشتی، بە هاوبەشی تاوانەکانی تاران دەیناسێنین.
بزووتنەوەی ئایندەی کوردستان ڕایدەگەیەنێت کە ڕێگەی ڕزگاری تەنها لە ڕێگەی گۆڕینی ڕیشەیی ئەم ڕژێمە و بونیادنانی دەوڵەتێکی سیاسی و شارستانی دەبێت. هەر هەوڵێک بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ نەیارانی گۆڕانکاری، خیانەتە لە خوێنی شەهیدان. ئێمە لە سەنگەری گەلەکەمان دەمێنینەوە و دژی هەموو ئەو مامەڵە سیاسییانە دەوەستینەوە کە دۆزی کورد دەکەنە قوربانیی دروشمە بێناوەڕۆکەکانی چەپە جیهانییەکان.
بزووتنەوەی ئاییندەی کوردستان.
٢١/٤/ ٢٠٢٦